ئەمەوێت سەیرێکی چواردەوری خۆتان بکەن لەم شوێنەدا و هەوڵبەن ئەو کەسە بدۆزنەوە کە بە گوومانترینە لە خەڵکی -- (پێکەنین) ئینجا ئەمەوێ ئاماژەیەکم بۆ بکەن بۆ ئەو کەسە. (پێکەنین) باشە، شتی وا مەکەن. (پێکەنین) بەڵام، وەک دەروون ناسێکی دامەزراوەیی، کاتێکی زۆر بەسەر دەبەم لە شوێنەکانی کارکردن، و بێ متمانەیی لە زۆر شوێن دەبینم. گومان کردن بەهۆی ئەو کەسانەوە دەبێت کە پێیان دەڵێم "مشەخۆرەکان". مشەخۆرەکان کەسانێکن لە ژیاندا خزمەتی خۆیان دەکەن. ئەوەی گرنگە بەلایانەوە ئەوەیە چیت پێدەکرێت بۆیان. پێچەوانەکەشی بەخشەرە. کەسێکە لەکاتی نزیکبوونەوە بۆ درووستکردنی پەیوەندییەک دەڵێت، "دەتوانم چیت بۆ بکەم؟" ویستم دەرفەتێکتان بەمێ بۆ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە ئێوە کامیانن. هەموومان مشەخۆر و بەخشەریش بووین. شێوازەکەت ئەوەیە کە زۆربەی کات مامەڵەی لەگەڵ زۆربەی خەڵک پێدەکەیت، کاتی ئاسایی خۆت. تاقیکردنەوەیەکی بچووکم هەیە بەوە دەتوانن بزانن ئایا زیاتر پێدەرێکن یان وەرگرێک، و دەشتوانن ئێستا تاقیکردنەوەکە بکەن. (تاقیکردنەوەی خۆپەرستەکە) هەنگاوی ١: ساتێک وەرگرە بۆ بیرکردنەوە لە خۆت. (پێکەنین) هەنگاوی ٢: ئەگەر گەشتیتە هەنگاوی ٢ کەواتە تۆ خۆپەرست نیت. (پێکەنین) ئەمە تەنیا شتی ئەمڕۆیە کە دەیڵێم و هیچ توێژینەوەیەکی لەپشتەوە نییە، بەڵام قایلم بەوەی هەتا کاتی زیاتر بوێت بۆ ئەوەی بەم کارتوونە پێبکەنیت، دەبێت زیاتر نیگەرانی ئەوە بین کە تۆ مشەخۆرێکیت. (پێکەنین) بێگومان، هەموو مشەخۆرەکان کەسانی خۆپەرست نین. هەندێکیان کەسانێکی بەخشەر بوون و چەند جارێک دەستیان سوتێنراوە. جۆرێکی تری مشەخۆریش هەیە کە ئەمڕۆ باسیان ناکەین، و ئەوانەش کەسە دەروون تێکچووەکانن. (پێکەنین) حەزم دەکرد بزانم ئەم خەسڵەتانە چەندێک باون، و بۆ ئەوەش سەرژمێری ٣٠ هەزار کەسم کرد لە دامەزراوە جیاکانی کلتورە جیاوازەکانی جیهان. و بۆم دەرکەوت کە زۆربەی خەڵک ڕێک لە ناوەڕاستی ئەوەدان لە نێوان بەخشین و مشەخۆریدا. شێوازی سێیەمیان هەڵبژاردووە پێی دەوترێت "گونجاندن." ئەگەر گونجێنەرێکیت، ئەوا هەوڵدەدەیت هاوسەنگی ڕاگری لە نێوان پێدان و وەرگرتن: چاکە بە چاکە -- شتێک بۆ ئەکەم ئەگەر تۆش شتێکم بۆ بکەیت. ئەوەش لە ڕێگایەکی سەلامەت دەچێت بۆ بەسەربردنی ژیانت. بەڵام ئەوە کاریگەرترین و بەرهەمهێنەرترین ڕێگایە بۆ بەسەربردنی ژیانت؟ وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر یەکلاکەرەوەیە... لەوانەیە. (پێکەنین) لێکۆڵینەوەم لەسەر چەندین ڕێکخراو کردووە، لەسەر هەزارەها کەس. پێوانەییم بۆ ئاستی بەرهەمهێنەری ئەندازیارەکان دەکرد. (پێکەنین) سەیری نمرەی خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیم دەکرد -- تەنانەت داهاتی فرۆشیارەکانیش. (پێکەنین) بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراویش، ئەوانەی خراپترین بوون لە ئەنجامدانی ئەم ئیشانەیا بەخشەرەکان بوون. ئەندازیارەکانی کەمترین ئیشیان دەکرد ئەوانەی چاکەی زیاتر دەکەن و چاکەی کەمتریان لەگەڵ دەکرێتەوە. زیاتر سەرقاڵی ئەوە بوون ئیشی خەڵکی تر بکەن، کات و وزەی پێویستیان نەماوە بۆ ئەوەی ئیشەکانی خۆیان تەواو بکەن. لە کۆلێژی پزیشکی، ئەوانەی کەمترین نمرەیان هەیە ئەو خوێندکارانەن زیاتر هاوڕان لەگەڵ ئەو ڕستەیەی کە دەڵێت، حەزدەکەم یارمەتی خەڵک بەم، پێشنیاری ئەوە دەکات ئەو پزیشکەی کە دەبێ متمانەی پێبکەیت ئەوەیە کە ئەوکاتەی هاتۆتە کۆلێژی پزیشکی خواستی نەبووە بۆ یارمەتی خەڵک. (پێکەنین) لە کاری فرۆشیاریشدا، کەمترین بەدەستهێنانی قازانج لەلایەن فرۆشیارە بەخشندەکانەوە دەبێت. ڕاستییەکەی توانیم بە یەکێک لەم کەسە فرۆشیارانە بگەم کە نمرەیەکی بەخشینی بەرزی هەبوو. و لێم پرسی، "بۆچی خراپیت لە کارەکەتدا -- " بەو شێوەیە نەمپرسی، بەڵام -- (پێکەنین) "باجی بەخشندەیی لە کاری فرۆشتندا چییە؟" ئەویش وتی، "من ئەوەندە گرنگی بە کڕیارەکانم ئەیەم کە قەت هیچ شتێکی خراپیان پێنافرۆشم." (پێکەنین) کەواتە هەر بۆ زانین، چەندێک لە ئێوە زیاتر خۆی بە بەخشەر دەزانێت وەک لە مشەخۆر یان هاوسەنگیکەر؟ دەستتان بەرزبکەنەوە. باشە، پێش ڕاگەیاندنی ئەم توێژینەوانە زیاتر دەبوو. بەڵام ڕاستییەکەی، دەرکەوت کە گۆڕانکارییەک هەیە لێرەدا، چونکە بەخشەرەکان زۆرجار خۆیان دەکەنە قوربانی، بەڵام ڕێکخراوەکانیان باشتر دەکەن. بەڵگەیەکی زۆرمان هەیە -- چەندین توێژینەوە سەیری ڕێژەی ڕەفتاری بەخشین دەکات کە لە تیمێک یان لە ڕێکخراوێکدا بوونی هەیە و-- هەتا زیاتر خەڵک یارمەتیدەر بن و زانیاری خۆیان بەش بکەن و فێرکردن دابین بکەن، ڕێکخراوەکان بەپێی هەموو پێوەرەکان باشتر دەبن: قازانجی زیاتر، ڕەزامەندی زیاتری کڕیار، و وازهێنانی کەمتری کارمەندان -- تەنانەت تێچوونێکی کەمتری کارکردنیش. کەواتە بەخشەرەکان کاتێکی زۆر بەسەر دەبەن لە یارمەتی خەڵکی تردا و تیمەکە باشتر دەکەن، و ئینجا، بەداخیشەوە خۆیان باجەکەی ئەوە ئەیەن. دەمەوێ باسی ئەوە بکەم پێویست بە چی ئەکات بۆ درووستکردنی کلتوورەکانی تێیدا بەخشەرەکان سەرکەوتوو ئەبن. بۆیە پرسیم، ئەگەر پێدەرەکان خراپترین بن لە ئەرکەکانیاندا، ئەوا کێ باشترینە؟ با بە هەواڵە باشەکە دەستپێکەم: وەرگرەکان نین. وەرگرەکان بەخێرایی سەردەکەون بەڵام لە زۆربەی کارەکانیشدا خێرا ئەکەون. لەسەر دەستی ئەوانەش دەکەون کە هاوسەنگی ڕادەگرن. ئەگەر ڕاگری هاوسەنگی بیت باوەڕت بە "حەق بە حەقە" -- جیهانێکی دادپەروەر. بۆیە کە چاوت بە مشەخۆرێک دەکەوێت، هەست ئەکەیت ئەرکی خۆتە لە ژیانتدا سزای ئەو جۆرە کەسانە بەیت. (پێکەنین) بەو شێوەیەش بە دادپەروەری دەگەین. زۆربەی خەڵک هاوسەنگی ڕاگرن. ئەوەش واتای ئەوەیە ئەگەر مشەخۆرێک بیت، واتە دەرئەنجام هەر باجەکەی ئەیەیت؛ چی بچێنیت ئەوەش دەڕێسیت. کەواتە ئەنجامە لۆجیکییەکە ئەمەیە: ئەبێ ئەوانەی هاوسەنگی ڕادەگرن باشترین بن لە ژیاندا. بەڵام وا نییە. لە هەموو کارێکدا، لە هەموو ڕێکخراوێکدا کە لێمکۆڵیوەتەوە، دووبارە باشترین ئەنجامەکان هی ئەوانەن کە بەخشەرن. سەیری هەندێک لەو ئەنجامانە بکەن کە هی سەدان فرۆشیارە کۆمکردوونەتەوە، داهاتەکانیانم وەرگرتووە. ئەوەی دەیبینیت ئەوەیە کە پێدەرەکان هەردوو جەمسەرەکە پێکدەهێنن. زۆرینەی ئەو کەسانەی کە کەمترین داهاتیان هەیە، بەڵام ئەوانەش کە زۆرترینیان هەیە. هەمان شت ڕاست بوو بۆ ئاستی بەرهەمهێنەری ئەندازیارەکان و نمرەی خوێندکارانی پزیشکی. بەخشەرەکان لە خواری خوارەوە و لە لووتکەی هەموو پێوەرەکانی سەرکەوتندا بوون کە من بینیومن. ئەوەش ئەو پرسیارە درووست دەکات: چۆن جیهانێک درووست بکەین کە بەخشەری زیاتر سەرکەوتوو بن؟ دەمەوێ باسی ئەوە بکەم چۆن ئەوە بکەین، نەک تەنیا لە کاردا، بەڵکو کاری قازانج نەویست، و خوێندنگەکان -- تەنانەت حکومەتەکانیشدا. ئامادەن بۆ ئەوە؟ (چەپڵەلێدان) خۆم هەر ئەوەم دەکرد، بەڵام پێزانینم بۆ ئەو گڕووتینە هەیە. (پێکەنین) یەکەم شت کە زۆر هەستیارە ئەوەیە درک بەوە بکەن کە بەخشەرەکان بەنرخترین کەسەکانن، بەڵام ئەگەر وریا نەبن، لە پەل ئەکەون. بۆیە پێویستە هەوڵبەن بەخشەرەکان بپارێزن. و فێری وانەیەکی مەزن بووم دەربارەی ئەمە لە باشترین کارمەندی گۆڤاری فۆڕچونەوە. کوڕەکەیە، نەک پشیلەکە. (پێکەنین) ناوی ئادام ریفکینە. زۆر سەرکەوتوو لە ئەنجامدانی پرۆژەی یەک لەدوای یەک و کاتێکی زۆر بەسەر ئەبات لە یارمەتیدانی خەڵکی تردا. چەکە نهێنییەکەشی چاکەی پێنج خوولەکییە. ئادام دەیوت، "پێویست ناکە دایکە تێریسا یان غاندی بیت بۆ ئەوەی بەخشندە بیت. پێویستە تەنیا ڕێگای بچووک بدۆزیتەوە بۆ زیادکردنی بەهای گەورە بۆ ژیانی کەسەکانی تر." ئەوە دەکرێت زۆر سادە بێت هێندەی ناساندن لە نێوان دوو کەسدا کە دەکرێت زۆر سوودمەند بن لە ناسینی یەکتر. دەکرێت بەخشینەوەی زانیارییەکانت بێت یان پێدانی کەمێک ڕەخنە و پێشنیار. یان دەشکرێت شتێکی بنچینەیی بێت وەک وتنی ئەوەی، "ئەزانیت، هەوڵدەدەم بزانم دەتوانم کەسێک بناسمەوە کە کارەکەی بێ ئەوەی پێی بزانرێت تێپەڕیوە." ئەو چاکە پێنج خولەکییەش بەڕاستی شتێکی گرنگە بۆ ئەوەی بەخشەرەکان بتوانن سنورێک بۆ بەخشین دانێن و خۆشیان بپارێزن. دووەم شت کە گرنگە ئەگەر بتەوێت کلتورێک بنیات بنێیت کە بەخشەرەکان سەرکەوتوو بن، ئەوەیە کلتورێک بنیات بنێیت داواکردنی یارمەتی کلتور بێت؛ خەڵک زۆر داوا بکەن. لەوانەیە ئەمە بەسەر زۆر کەس هاتبێت لە ژیانیاندا. (کەواتە لە هەموو پەیوەندییەکانتدا، دەبێت تۆ بەخشەرەکە بیت؟) (پێکەنین) ئەوەی دەیبینیت لە بەخشەرە سەرکەوتووەکاندا ئەوەیە کە دەزانن کە ئاساییە وەرگریش بن. ئەگەر ڕێکخراوێک بەڕێوەبەریت، دەتوانین ئەمە ئاسانتر بکەین. دەتوانین ئاسانتری بکەین بۆ خەڵک داوای یارمەتی بکەن. خۆم و دوو هاوپیشەم توێژینەوەمان لەسەر نەخۆشخانەکان کرد. بۆمان دەرکەوت لە هەندێک لە نهۆمەکان، پەرستارەکان زۆر داوای یارمەتیان دەکرد، و لە نهۆمەکانی تریش زۆر کەم داوایان دەکرد. هۆکارەکەی ببووە هۆی ئەوەی داواکردنی یارمەتی ئەوەندە باوبێت، کە بووبوو بە کلتورێک، ئەوەبوو یەکێک لە پەرستارەکان تەنیا ئیشی ئەوەبوو یارمەتی پەرستارەکانی تری ئەو یەکەیەی بیات. کاتێک کەسێک ئەو ڕۆڵەی گێڕاوە، پەرستارەکان وتویانە، "کێشە نابێت و ئاساییە ئەگەر داوای یارمەتی بکەین -- شتێکە هاندەدرێین بۆی." داواکردنی یارمەتی تەنیا بۆ پاراستنی سەرکەوتن و سەلامەتی بەخشەرەکان گرنگ نییە. زۆر گرنگە بۆ ئەوەی وا لە خەڵکی زیاتر بکەیت وەک بەخشەر بجوڵێنەوە، چونکە زانیارییەکان دەڵێن کە لە نێوان لە سەدا ٧٥ بۆ ٩٠ی هەموو بەخشینەکان لە ڕێکخراوەکاندا بە داواکارییەک دەستپێدەکات. بەڵام زۆر کەس داوای هیچ ناکەن. نایانەوێت بێتوانا دەرکەون، نازانن پەنا بۆ کوێ بەرن، نایانەوێ ببنە بارگرانی بۆ کەس. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر یەکێک داوای یارمەتی بکات، چەندین بەخشەر هەیە لە ڕێکخراوەکەتدا بە مەراقەوەن بۆ ئەوەی بێنە پێشەوە و ڕۆڵێک بگێڕن، ئەگەر بیانزانیایە دەکرێت کێ و چۆن سوود ببینێت. بەڵام پێموابێت گرنگترین شت ئەوەیە، ئەگەر بتەوێت کلتورێکی بەخشەرە سەرکەوتووەکان بنیات بنێیت، ئەوەیە وریابیت بزانیت ڕێگە بە کێ دەدەیت بۆناو تیمەکەت. بۆم دەرکەوت، ئەگەر کلتورێکی بەخشندەیی بەرهەمهێنەر بوێت، پێویستە چەند بەخشەرێک بەکرێ بگریت. بەڵام سەرم سوڕما کاتێک زانیم، ئەو شتە ڕاست نییە -- بۆم دەرکەوت کاریگەری خراپی وەرگرێک لە کلتورێکدا دوو ئەوەنە بۆ سێ ئەوەنەی کاریگەری باشی بەخشەرێکە. بەم شێوەیە بیری لێکەنەوە: یەک سێوی خراپ هەموو سندوقەکە خراپ دەکات، بەڵام یەک هێلکەی باش دوانزەی لێناکەوێتەوە. ناشزانم ئەوە واتای چییە --- (پێکەنین) بەڵام هیوادارم ئێوە تێبگەن. نەخێر -- هەر ڕێگەبە مشەخۆرێک بێتە تیمەکە، و ئیتر بەخشەرەکانیش تاقەتی یارمەتیدانیان نامێنێت. یەکسەر دەڵێن، "ژمارەیەکی زۆر مار و قرش چواردەوریان داوم. بۆچی یارمەتیدەر بم؟" بەڵام ئەگەر بەخشەرێک بێنیتە ناو تیمێک، تەقینەوەیەکی بەخشندەییت دەستناکەوێت. زۆربەی کات، هەمووان یەکسەر دەڵێن، "زۆرباشە! ئەو کەسە هەموو ئیشەکان ئەکات." کەواتە، وەرگرتن و هەڵسەنگاندن و بنیاتنانێکی کاریگەری تیمەکە پەیوەندی بە هێنانی بەخشەرەکانەوە نییە؛ لەوە گرنگتر وەرنەگرتنی مشەخۆرەکانە. ئەگەر ئەوە بە باشی بکەن، تەنیا بەخشەرەکان و هاوسەنگی ڕاگرەکانت بۆ دەمێنێتەوە. بەخشەرەکان بەخشندە دەبن چونکە پێویست ناکات خەمی لێکەوتەکانیان بێت. و جوانی هاوسەنگی ڕاگرەکانیش ئەوەیە شوێن داب و نەریتەکە دەکەون. کەواتە چۆن مشەخۆرێک دەگریت پێش ئەوەی درەنگبێت؟ ڕاستییەکەی زۆر خراپین لە زانینی ئەوەی کێ مشەخۆرە، بەتایبەتی یەکەم بینین. جۆرێکی کەسایەتی هەیە کە سەرمان لێدەشێوێنێت. پێی دەوترێت چوونە دڵەوە، یەکێک لە ڕەهەندەکانی کەسایەتی لەناو کلتورە جیاجیاکاندا. کەسەکانی ئەچنە دڵەوە گەرم و هاوڕێدۆستن، ڕووخۆش و بەڕێزن. زۆر لەوانە دەدۆزیتەوە لە کەنەدا -- (پێکەنین) کە لەوێ هەڵمەتێکی نەتەوەیی کرا بۆ ئەوەی دروشمێکی کەنەدی نوێ دابنرێت و بۆشاییەکە پڕبکرێتەو، "وەک کەنەدییەک وەک..." وامزانی چوونە ناوەوەی بردنەوە دەبێت بە، "وەک کەنەدی وەک شەکراوی دارەکەوت،" یان، ".. هۆکی سەر سەهۆڵ." بەڵام نەخێر، کەنەدییەکان دەنگیاندا بۆ درووشمە نەتەوەییە نوێکەیان ببێت بە -- گاڵتەتان لەگەڵ ناکەم -- چەندێک پێویست بکات کەنەدی بیت لەژێر هەر هەلومەرجێکدا. (پێکەنین) ئێستا بۆ ئەوانەتان کە زۆر بە خێرایی ئەچنە دڵەوە، یان کەمێک کەنەدی بن، یەکسەر لەمە تێئەگەن. چۆن بتوانم بڵێم لە ڕاستیدا من چیم لەکاتێکدا بەردەوام خۆم دەگونجێنم بۆ ڕازیکردنی دڵی خەڵکی تر؟ ئەوانەی هەوڵنادەن بچنە دڵەوە کەمتر ئەوە ئەکەن. ئەوان زیاتر گوومان دەکەن، و بە هەستیاری دەجوڵێنەوە و ململانێ دەکەن و ئەگەریان زۆر زیاترە لە هاوەڵەکانیان بچنە کۆلێژی یاساوە. (پێکەنین) ئەوە گاڵتە نییە، ئەوە ڕاستییەکی ئەزموونییە. (پێکەنین) بۆیە هەمووکات وامداناوە ئەو کەسانەی بچنە دڵەوە بەخشەر بن و ئەوانەشی نەچنە دڵەوە مشەخۆر بن. بەڵام ئینجا زانیاریم کۆکردەوە، و تاسام کاتێک زانیم هیچ پەیوەندییەک لە نێوان ئەو خەسڵەتانەدا نییە، چونکە چونە دڵەوە یان نەچوونە دڵەوە بەرگی دەرەوەی خۆتە: مامەڵەکردن لەگەڵت چەندێک خۆشە؟ لەکاتێکدا بەخشین و وەرگرتن زیاتر پاڵنەرە ناوەکییەکانتن: ئەی بەهاکانت چین؟ مەرامەکانت چین بەرامبەر خەڵکی تر؟ ئەگەر بەڕاستی بتەوێت بە وردی بڕیار لەسەر خەڵک بدەیت، دەبێت بگەیتە سەر ئەو ساتەی هەموو ڕاوێژکارێکی ژوورەکە چاوەڕێیەتی، و جووت جووت بیانکێشیت. (پێکەنین) بەخشەرەکانی ئەچنە دڵەوە بە ئاسانی دەناسرێنەوە: بۆ هەموو شتێک دەڵێن بەڵێ باش. مشەخۆرەکانی ناچنە دڵەوە هەر بەخێرایی دەناسرێنەوە، هەرچەندە دەتوانیت بە ناوێکی کەمێک جیاوزتر بانگیان بکەیت. (پێکەنین) بیرمان چوو باسی دوو جۆرە هەڵکەوتنەکەی تریش بکەین. بەخشەرەکانی ناچنە دڵەوە لە ناو ڕێکخراوەکانماندا. کەسانێک هەن ڕەق و توندن لە هەڵسوکەوتیاندا بەڵام لە ناخدا زۆر گرنگی بە بەرژەوەندی چواردەوریان دەدەن. یان وەک ئەندازیارێک وتی، "ئاه، بەخشەرەکانی ناچنە دڵەوە -- وەک ئامێرێک کە بە ڕووکەش خراپە بەڵام سیستمی کارکردنی زۆر باشە." (پێکەنین) ئەگەر ئەوە یارمەتیدەر بێت. (پێکەنین) بەخشەرەکانی ناچنە دڵەوە لە هەمووان زیاتر بەکەم سەیردەکرێن لە ڕێکخراوەکانماندا، چونکە ئەوانن کە بەردەوام ڕەخنە گرنگەکان دەگرن ئەو ڕەخنانەی کەس نایەوێ بیبیستێت بەڵام زۆر پێویستە بیبیستن. پێویستە زۆر باشتربین لە بەرز نرخاندنی ئەم کەسانە نەک یەکسەر زوو دەست بنێین بەڕوویانەوە، و بڵێین، "ئاه لە سەر بە کێشە ئەچێت، ئەبێت مشەخۆرێکی خۆپەرست بێت." جۆرەکەی تر کە بیرمان چوو باسی بکەین ئەوەی کە کووشندەیە -- مشەخۆرەکەی دەچێتە دڵەوە، ناسراویشە بە ساختەکە. ئەمە ئەو کەسەیە کە ڕووبەڕوو باشە، و ئینجا لە پشتەوە خەنجەرت لێئەیات. (پێکەنین) باشترین ڕێگای منیش بۆ ئەوەی لەکاتی چاوپێکەوتندا بیاناسمەوە ئەوەیە ئەم پرسیارەیان لێبکەم، "ئەتوانی ناوی چوار کەسم بەیتێ کە توانیوتە بەشێوەیەکی باش پەرە بدەیت بە ژیانی پیشەییان؟" مشەخۆرەکان چوار ناوت ئەیەنێ، و هەمووشیان لەخۆیان کاریگەرتر دەبن، چونکە زۆر باشن لە پیاهەڵدان بە سەرو خۆیاندا و ئینجا کەمکردنەوە لە بەهایان. بەخشەرەکان ئەگەری زیاترە ناوی ئەو کەسانە بهێنن کە لە پلەبەندیا لە خوارەوەیانن، کە ئەوەندە دەسەڵاتیان نییە، کە ناتوانن چاکەکەیان بۆ بگەڕێننەوە. با ڕاستیش بڵێین، هەمووتان دەزانن دەتوانن زۆر شت لەسەر کەسایەتی فێربن بە سەیرکردنی ئەوەی چۆن کەسێک مامەڵە لەگەڵ شاگردی چێشتخانەکان دەکات یان شۆفێرەکانی ئوبەر. کەواتە ئەگەر هەموو ئەمە بکەین، دەتوانین مشەخۆرەکان لە دامەزراوەکان دەربکەین، ئەگەر داواکردنی یارمەتی بکەین بە کارێکی سەلامەت، ئەگەر بەخشەرەکان بپارێزین لە بێزاربوون و وایان لێبکەین ئاسایی بێت بەلایانەوە هەوڵ بۆ ئامانجەکانی خۆشیان بەن و یارمەتی خەڵکی تریش بەن، ڕاستییەکەی دەتوانین پێناسەی خەڵک بۆ سەرکەوتن بگۆڕین. لەجیاتی ئەوەی بڵێین گرنگترین شت بردنەوەی ململانێیەکە، خەڵک درک بەوە ئەکەن کە سەرکەوتن زیاتر دەربارەی ڕۆڵ بینینە. باوەڕم وایە کە پڕماناترین ڕێگا بۆ سەرکەوتن ئەوەیە یارمەتی خەڵک بدەیت سەربکەون. و ئەگەر بتوانین ئەو باوەڕە بڵاوبکەینەوە، دەتوانین گومانکردن لەیەکترکردن نەهێڵین. ناوێک هەیە بۆ ئەوە. پێی دەوترێت "پرۆنۆیا." پرۆنۆیا باوەڕێکی خەیاڵییە کە خەڵکی تر پلاندەگێڕن لە دژت. (پێکەنین) کەوا لە پشتەوە قسەت لەسەر دەکەن و شتی زۆر بێوێنە لەسەرت دەڵێن. شتە مەزنەکەی کلتوری بەخشەرەکان ئەوەیە کە ئەوە خەیاڵ نییە -- بەڵکو ڕاستییە. ئەمەوێت لە جیهانێکدا بژیم کە بەخشەرەکان سەرکەوتوو دەبن، و هیوادارم یارمەتیمان بدەن لە درووستکردنی ئەو جیهانەدا. زۆر سوپاس. (چەپڵەلێدان)