لە ١ی ئەیلولی ١٩٥٣ دا، ویلیام سکۆڤیڵ دەسکێکی سوڕاوەی دەستی و مشارێکی هەرزانی کونکردنی بەکار هێنا بۆ کون کردنی کەلە سەری کوڕێکی گەنج، و چەند بەشێکی گرنگی مێشکی لێکردەوە و بە لولەکێکی کانزایی هەڵیمژییە دەرەوە. بەلام ئەمە دیمەنی فیلمێکی ترسناک یان ڕاپۆرتێکی پۆلیسیی سامناک نەبوو. دکتۆر سکۆڤیڵ یەکێک بوو لە بەناوبانگترین پزیشکی پسپۆڕی دەماری سەردەمی خۆی، و کوڕە گەنجەکەش "هێنری مۆڵایسن" ئەو نەخۆشە بەناوبانگەی کە بە "ه.م." ناسراوە، کە کەیسەکەی چەندین زانیاری سەرسوڕهێنەری بەخشی لە بارەی چۆنیەتی کارکردنی مێشکمانەوە. هێنری کە منداڵ بووە، لە ڕوداوێکدا کەلەسەی درزی بردووە و زوو دوای ئەوە توشی فێ لێهاتن و بورانەوە و لە دەستدانی کۆنترۆڵی جوڵەی جەستەی بووە. پاش بەرگەگرتنی چەندین ساڵ لە فێ لێهاتن و تەنانەت وازهێنان لە خوێندنی ئامادەیی، ئەم کوڕە گەنجە بێچارەیە ڕوی کردە دکتۆر سکۆڤیڵ، دکتۆرێکی سەرکەش کە بە نەشتەرگەرییە مەترسیدارەکانی ناسرابوو. نەشتەرگەری بەشیی مێشک بۆ چەندین دەیە بەکارهێنراوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشە دەروونییەکان لەسەر بنچینەی ئەو باوەڕەی کە چالاکییە مێشکییەکان بە تەواوی بەستراونەتەوە بە ناوچە هاوتاکانیانەوە لە مێشکادا. بەهۆی سود وەرگرتن لەم نەشتەرگەرییەی بۆ کەمکردنەوەی فێ ی نەخۆشە دەروونیەکان، سکۆڤیڵ بڕیاری دا بەشی هیپۆکامپەس ی مێشکی ه.م. لاببات، کە بە بەشێک لە لیمبیک سیستم دادەنرا و پەیوەندی هەبوو بە هەستەکانەوە بەڵام ئەرکەکەی نەزانراو بوو. لە ڕوکەشدا، نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو. فێ کانی ه.م. بەتەواوی نەمان، بە بێ هیچ گۆڕانێک لە کەسایەتیدا، و تەنانەت ئاستی زیرەکیشی زیادی کرد. بەڵام یەک کێشە هەبوو: بیرەوەرییەکانی زیانی زۆری پێگەشتبوو. جگە لەوەی زۆربەی بیرەوەرییەکانی دەیەی پێشووی لە دەست دا، ه.م. نەیدەتوانی بیرەوەری نوێ درووست بکات، بیری دەچوەوە کە چ ڕۆژێکە، قسەی دووبارە دەکردەوە و تەنانەت چەند ژەمێکی دەخوارد بەدوای یەکدا. کاتیک سکۆڤیڵ پسپۆڕێکی دیکەی ئاگادار کردەوە لە دەرئەنجامەکان بە ناوی وایڵدەر پێنفیڵد، خوێندکارێکی دکتۆرای نارد بە ناوی برێندا میڵنەر تا لێکۆڵینەوە لە ه.م. بکات، لەماڵی باوانیدا دەمایەوە و زۆربەی ڕۆژەکانی بەسەر دەبرد بە ئەنجامدانی ڕۆتینی سەیر و سەیرکردنی فیلمی کلاسیکی بۆ یەکەمجار، جار لە دوای جار. ئەوەی بۆی دەرکەوت لەڕێگەی زنجیرەیەک تاقیکردنەوە و چاوپێکەوتنەوە نەک تەنها هاوکارییەکی زۆر گەورەبوو بۆ لێکۆڵینەوەکانی یادەوەری بەڵکو پێناسەی یادەوەری دووبارە نووسییەوە. یەکێک لە دۆزینەوەکانی میلنەر تیشکی خستە سەر ئەو ڕاستییە ئاشکرایەی کە هەرچەندە ه.م. نەیدەتوانی یادەوەری نوێ درووست بکات هێشتاش هێێندە زانیاری بیردەما لە ساتێکەوە بۆ ساتێکی تر کە بتوانیت ڕستەیەک تەواو بکات یان دەستشۆر بدۆزێتەوە. کاتێک میڵنەر ژمارەیەکی هەڕەمەکی پێدا، دەیتوانی بۆ ماوەی پانزە خولەک لە یادی بمێنێت بە دووبارە کردنەوەی بۆ خۆی بە بەردەوامی. بەڵام تەنها پاش پێنج خولەک، بیری دەچوەوە کە تەنانەت تاقیکردنەوەکەش ڕویداوە. زاناکانی دەمارناسی وەک یەکەیەکی هاوشێوە لە یادەوەرییان دەڕوانی، کە هەموو یادەوەرییەکان هاوشێوەن و لە سەرانسەری مێشکدا زەخیرە بوون. ئەنجامەکانی میڵنەر نەک تەنها یەکەم بەڵگە بوون بۆ ئەو جیاکارییەی ئێستا پێی ئاشناین لە نێوان بیرەوەری کورت خایەن و درێژ خایەندا، بەڵکو نیشاندەری ئەوەشن کە هەر یەکێکیان ناوچەیەکی جیاواز لە مێشک بەکار دەهێنن. ئێمە لە ئێستادا دەزانین کە درووست بوونی یادەوەری چەند هەنگاوێک لە خۆ دەگرێت. کاتێک زانیاری هەستیی نوێ بە شێوەیەکی کاتیی لە توێکڵی مێشکدا دەنوسرێتەوە لە لایەن دەمارەکانەوە. دەگوازرێتەوە بۆ هیپۆکامپەس، کە پڕۆتینی تایبەتی تیایدا کار دەکات بۆ بەهێز کردنی پەیوەندییە دەماریەکانی توێکڵ. ئەگەر ئەزموونەکە بەشی پێویست بەهێز بوو، یان لە چەند ڕۆژی سەرەتادا جار جار بیرمان بکەوێتەوە، ئەوکات هیپۆکامپەس یادەوەرییەکە دەنێرێتەوە بۆ توێکڵ بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە زەخیرە ببێت. مێشکی ه.م. دەیتوانی شێوە سەرەتاییەکان درووست بکات، بەڵام بەبێ هیپۆکامپەس کە بتوانێت یادەوەرییەکە بچەسپێنێت، یادەوەرییەکان دەسڕانەوە. وەک ئەو وشانەی لەسەر لم دەنوسرێن. بەڵام ئەمە تاکە تایبەتمەندی مێشک نەبوو کە میڵنەر دۆزییەوە. لە تاقیکردنەوە بەناوبانگەکەی میڵەر داوا لە ه.م. کرد خەت بەسەر ئەستێرە سپییەکەدا بهێنێت لە بۆشاییە تەسکەکەی نێوان هێڵی دوو ئەستێرە هاوچەقەکەی دیکەدا لە کاتێکدا کە کاغەز و قەڵەمەکەی تەنها لە ڕێی ئاوێنەیەکەوە دەبینی. وەک هەر کەسێکی دیکە کە تاقیکردنەوەیەکی ناخۆشی وەها بکات بۆ یەکەم جار ئەنجامەکەی زۆر خراپ بوو. بەڵام سەرسوڕهێنەرانە، پاش هەولی دووبارە باشتر بوو. هەرچەندە هەوڵەکانی پێشووی هیچ لە یاد نەبوو. ناوەندەکانی جوڵەی بێئاگا ئەو شتەی لەیاد مابوو کە مێشکی بەئاگا لەیادی کردبوو. ئەوەی میڵنەر بۆی دەرکەوت ئەوە بوو کە یادەوەری بەیانکردنی ناو و ڕێکەوت و واقیعەکان جیاوازە لە یادەوەری کرداریی پاسکیل لێخوڕین یان واژۆکردن. و ئێستا ئێمە دەزانین کە یادەوەری کرداری زیاتر پشت بە گرێی سەرەکی و مێشکۆکە دەبەستیت، بەشانیک کە ساغ بوون لەناو مێشکی ه.م. دا. ئەم جیاوازییە لە نێوان "زانینی شتێک" و "زانینی چۆنییەتی" دا بناغەی داناوە بۆ هەموو لێکۆڵینەوەکانی بواری یادەوەری لەو کاتەوە تا ئێستا. ه.م. لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا مرد پاش بەسەربردنی ژیانێکی ئارام بە گشی لە خانەیەکی چاودێریدا. لە ماوەی چەندین ساڵدا، ئەو لەلایەن زیاد ،لە ١٠٠ پسپۆڕی دەمارەوە پشکنینی بۆ کرا کە ئەمەش وایکرد مێشکی ئەو زۆرترین لێکۆڵینەوەی لەسەر کرابێت لە مێژوودا. کە مرد، مێشکی پارێزرا و پشکنرا پێش ئەوەی لەت بکرێت بۆ زیاد لە ٢٠٠٠ پارچە وێنە بگیرێت بۆ دروست کردنی نەخشەیەکی دیجیتاڵی بە وردییەک لە ئاستی تاکە دەمارە خانەکاندا، هەموو ئەمانەش لە پەخشێکی ڕاستەوخۆدا کە ٤٠٠،٠٠٠ کەس تەماشای دەکرد. هەرچەندە ه.م. زۆربەی ژیانی بە لەیادکردنی شتەکانەوە بردە سەر، خۆی و هاوکاریکردنی بۆ تێگەشتنمان لە یادەوەری لە یادماندا دەمێنێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتووش.