بەم شێوەیه جەنگ دەستپێدەكات. ڕۆژێك تۆ له ژیانی ئاسایی خۆتدا دەژیت، پلان دادەنێیت تاكو بچیت بۆ ئاهەنگێك، منداڵەكانت دەبەیت بۆ خوێندنگە، چاوپێکەوتنی دكتۆری ددانت هەیه. لەدوای ئەوه، تەلەفۆنەكان نامێنن، تەلەڤزیۆنەكان نامێنن، چەكدارەكان له سەر شەقامەكەن، ڕیگەکان گیراون. ژیانی تۆ بەو جۆرەی دەیبینی دەچێتە باری سڕبوونەوە، دەوەستێت. بەنیازم چیرۆكی هاوڕێیەكم بدزم، هاوڕێ بۆسنییكەم، سەبارەت بەوەی كه بەسەری هاتووە، چونكه پێموایه بەتەواوی ڕوونی دەكاتەوه چ هەستێکە. ساڵی١٩٩٢له ڕۆژێكی مانگی ئایار دەچووه سەر كار، به تەنورەیەكی كورت و پاپوچی بن بەرز. له بانك كاری دەكرد. دایكێكی گەنج بوو. كەسێك بوو حەزی له ئاهەنگ گێڕان بوو. كەسێكی مەزن. لەناكاو تانكێكی بینی دەهاته خوارەوەی ڕێگەی سەرەكی سارایۆڤۆ له هەموو شتێکی سەر ڕێگەکەی دەدا. پێ وابوو خەون دەبینێت، بەڵام نەخێر خەون نەبوو. و ڕایدەکرد وەك هەر یەكێك له ئێمەش ڕای دەکرد و خۆی له پشت تەنەكه خۆڵێكدا شاردەوه، به پاپووچێكی بن بەرز و تەنووره كورتەكەی. و هەست دەكات كه زۆر پێكەنیناوییه، كه خۆی لەوێ شاردۆتەوه، بەڵام بینی ئەو تانکه سەربازیشی لەگەڵدایه و خەڵكی له هەموو لایەكە و ژاوەژاوە هەست دەکات 'ئەلیس لە جیهانی سەیروسەمەرەیە' چوونه ناو کونی كەروێشكەوە، ناوەوە، ناوەوە، بۆ ناو تاریکی، و هەرگیز جارێكی تر ژیانم وەك خۆی لێ نایەتەوه. دوای چەند هەفتەیەك، هاوڕێكەم له ناو قەڕەباڵغیەكدابوو كوڕه ساواكەی له ناو دەستەكانیدابوو پاڵی پێوەدەنا تاكو بیدات به غەریبەیەك له ناو پاسەكه، كه كۆتا پاس بوو ساراییڤۆی جێدەهێشت تاوەكو منداڵەكەی بباته دەرەوه تا پارێزراو بن. و زەحمەتیەکانی دایکەکەی لەبیرە لە پێشەوە، لە ناو ئەو قەڕەباڵغیەدا ''منداڵەکەم لێوەرگرن'' و لە پەنجەرەکەوە منداڵەکەی دا بە یەکێک و بۆ ماوەی چەند ساڵێک نەیبینیەوە. ئابڵوقەدانەکە ماوەی سێ ساڵ و نیوی خایاند، و ئابڵوقەدانێک بەبێ ئاو، بەبێ هێز، بەبێ کارەبا، بەبێ گەرم کەرەوە، بەبێ خۆراک، لە ناوەڕاستی ئەوروپا، لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم. شاەرەفمەند بووم کە یەکێک بووم لەو پەیامنێرانەی کە لە ناو ئابڵوقەدانەکەدا ژیاین، و دەشڵێم شانازی دەکەم کە مافی ئەوەم هەبوو لەوێبم لەبەرئەوەی هەموو شتێکی فێرکردم، نەک هەر دەربارەی بوون بە پەیامنێر، بەڵکو دەربارەی بوون بە مرۆڤ. فێری میهرەبانی بووم. فێربووم کە دەگونجێت پاڵەوانەکان خەڵکی ئاسایی بن. فێربووم ببەخشم. فێری هاوڕێیەتی بووم. زیاتر لە هەمووان، فێری خۆشەویستی بووم. هەتا لە ناوەڕاستی وێرانکاری سامناک ومردن و ئاژاوەدا، فێربووم چۆن خەڵکی ئاسایی یارمەتی دراوسێکانیان دەدا، بەخشینەوەی خواردن، بەخێوکردنی منداڵەکانیان، ڕاکێشانی یەکێک لە ناوەڕاستی شەقام کە بە قەناس پێکراوە هەتا ژیانی خۆشت دەخەیتە مەترسییەوە، یارمەتیدانی خاڵکی برینداربوو بۆ سواربونی تەکسی تاوەکو بیانبەن بۆ نەخۆشخانە. زۆر شت فێربووم دەربارەی خۆم. جارێکیان مارثا گێلهۆرن، کە یەکێک بوو لە قارەمانەکانم پێی گوتم:- تەنیا دەتوانیت جەنگێکت خۆشبوێت''، ''ئەوەی دەمێنێتەوە بەرپرسیاریەتییە لە دوای ئەوەوە، ڕوماڵی زۆر زۆر لە جەنگەکانم کردوە، ئەوەندە زۆرن لە ژماردن نایەن، بەڵام هیچ کامێکیان وەک ساراییڤۆ نەبوو. ئایاری ڕابردوو، چوومەوە بۆ، من پێی دەڵێم یەکتر بینینەوە زۆر نامۆ و شێتەکەی قوتابخانەی ئامادەیی. ئەوە چی بوو، یادی بیست ساڵەی ئابڵوقەدانەکە بوو، سەرەتاکانی ئابڵوقەدانەکەی سەر ساراییڤۆ، و حەز بە وشەی ''ساڵ یاد'' ناکەم، لەبەرئەوەی وەک ئاهەنگێک وایە، و ئاهەنگیش نەبوو. کۆبونەوەیەکی زۆر خەمناکی پەیامنێرەکان بوو کە لە ماوەی جەنگدا کاریان کردبوو کارمەندەکانی هاوکاری مرۆیی، و بە دڵنیایەوەش خەڵکە ئازا و بوێرەکەی ساراییڤۆش. ئەو شتەی زۆر پێی کاریگەر بووم، کە دڵی شکاندم، ڕۆیشتنبوو بۆ خوارەوەی شەقامی سەرەکی ساراییڤۆ، ئەو شوێنەی کە ٢٠ ساڵ پێش ئێستا ئایدەی هاوڕێم تانکەکەی لێ بینی بوو، و لەو شەقامەش زیاتر لە ١٢،٠٠٠ کورسی سوری لێبوو، بە چۆڵی، و هەر یەکێکیشیان ئاماژەبوو بۆ کەسێک کە لە کاتی ئابڵوقەدانەکەدا مردبوو، بە تەنیا لە ساراییڤۆ، نەک لە هەموو بۆسنە، و لە کۆتایی شارەکەوە درێژ دەبێتەوە بۆ بەشێکی گەورەی، و خەمبارترینیان بۆ من کورسییە بچووکەکان بوون بۆ منداڵەکان. ئێستا من ڕوماڵی سوریا دەکەم، و دەستم کردوە بە تۆمارکردن لەبەرئەوەی بڕوام وایە پێویستە کە بکرێت. بڕوام وایە کە چیرۆکێک هەیە دەبێت بگوترێت. دوبارە ڕوکاری جەنگ لە بۆسنە دەبینم، کە بۆ یەکەم جارگەیشتمە دیمەشق، ئەو دیمەنە نامۆیەیم بینی کە وا دەردەکەوت خەڵکەکەی بڕوایان نەدەکرد کە جەنگێک بەڕێوەیە، و لە بۆسنەش بە هەمان شێوە بوو بەنزیکەیی لە هەر وڵاتێک کە بینیومە کە جەنگ دەستی پێدەکرد. خەڵکەکە نەیان دەویست بڕوا بەوەبکەن جەنگ دەست پێدەکات، هەربۆیە نەدەڕۆیشتن، نەدەڕۆیشتن کە دەیان توانی. پارەکانیشیان لەگەڵ خۆیاندا نەبرد. دەمێننەوە چونکە دەتەوێت لە ماڵی خۆتدا بمێنیەوە. و دواتر جەنگ و ئاژاوە دەستپێدەکات. ڕواندا شوێنێکە هەمیشە وەک تارمایی بەدوامەوەیە. لەساڵی١٩٩٤بۆ ماوەیەکی کەم ساراییڤۆم جێهێشت تا بچم ڕوماڵی جینۆسایدی ڕواندا بکەم. لە نێوان مانگی ئایار و ئابی ١٩٩٤دا، یەک ملیۆن کەس سەبڕدران، ئێستا ئەگەر ئەو ١٢،٠٠٠ کورسییە منیان شۆککردبێت تەنیا بە ژمارەکەی، دەمەوێت بۆ تەنیا چرکەیەک بیر لە یەک ملیۆن کەس بکەیتەوە، و چەند نمونەیەکت پێبدەم کە لەبیرمە وەستابووم و سەیری خوارەوەی ڕێگەکەم دەکرد ئەوەندەی دەمتوانی ببینم، بەلایەنی کەمەوە میلێک، دووهێندەی باڵام تەرمەکان لەسەر یەک داندرابوون هی مردووەکان. ئەمەش ڕێژەیەکی کەمی مردووەکان بوو. هەروەها دایکەکان منداڵەکانیان هەڵگرتبوو کە گرفتاری دوا ئازارەکانی مەرگیان بووبوون. بۆیە زۆر شت لە جەنگەوە فێربووین، و باسی ڕوانداشم کرد لەبەرئەوی شوێنێکە وەک ئەفریقیای باشوور، شوێنێک دوای نزیکەی ٢٠ ساڵ چارەسەرێک هەیە. ٥٦% ی ئەندام پەرلەمانەکانی ئافرەتن شتێکی نایابە، و ئێساش لە دەستووری نیشتیمانیدا هاتووە، لە ڕاستیدا ڕێگەت پێنادرێت بڵییت Hutu یان Tutsi. ڕێگەت پێنادرێت کەس بەناوی کەسی ترەوە ناو بنێی، کە بە دڵنیایەوە، لە یەکەم شوێنەوە دەستپێکی سەربڕین بوو. کارمەندێکی هاوکاری مرۆیی کە هاوڕێم بوو جوانترین چیرۆکی پێگوتم، یان بەلای منەوە جوان بوو. کۆمەڵێک منداڵ بوون. یان تێکەڵدەکرد Hutus وTutsis، و کۆمەڵێ ئافرەتیش کە ئەوانیان هەڵگرتبووەوە، ڕیزیان بەستبوو و یەکیان دەیدا بە منداڵی دوای خۆی، هیچ چۆرێک لە بەراوردکاری نەبوو، یTutsi تۆ، ی لەوانەیە دایکی منت کوشتبێت Hutu تۆ. لەوانەشە باوکی منت کوشتبێت. ئەوان تازە هێنراونەتەوە ناو ئەم جۆرە ئاشتبوونەوەیە، و پێم شتێکی سەرەنجڕاکێش بوو. بۆیە کە خەڵکی لێم دەپرسن چۆنە بەردەوامم لە ڕوماڵکردنی جەنگ، و بۆچیش بەردەوامم لە ڕوماڵکردنی، لە بەر ئەمەیە. لەڕاستیدا کاتێک هەفتەی داهاتوو، دەگەڕێمەوە سوریا ئەوەی دەیبینم خەڵکێکی پاڵەوانی باوەڕپێنەکراوە، هەندێکیان لە پێناو دیموکراسیدا دەجەنگن، بۆ شتێک کە ئێمە هەموو ڕۆژێك بە کەم سەیریان دەکەین. و بە زۆریش لەبەر ئەوەیە بۆچی ئەوە دەکەم. لە ساڵی ٢٠٠٤، کوڕێکی بچووکم بوو، بە کوڕە پەرجووەکەم بانگم دەکرد، لەبەرئەوەی دوای بینینی ئەو هەموو مەرگ و وێرانکاری و ئاژاوە وتاریکییە لەژیانمدا، چرای هیوام لە دایک بوو. ناوم ناوە لووکا کە بەمانای ''ڕوناکیهێنەر''دێت چونکە ڕوناکی هێنا بۆ ژیانم. بەڵام من باسی ئەو دەکەم چونکە کاتێک تەمەنی ٤ مانگان بوو، سەرنووسەرە بیانیەکەم زۆری لێکردم تاکوو بگەڕێمەوە بەغداد ئەو شوێنەی کە بەدرێژایی ڕژێمی سەددام و لەکاتی کەوتنی بەغداد و دواتریش ڕوماڵم کردبوو، لەبیرمەو، بە فرمێسکەوە سواری فڕۆکەکە بووم، بە جیابوونەوە لە کوڕەکەم دەگریام، ئەو کاتەی لەوێش بووم، سیاسەتمەدارێکی بەناوبانگی عێڕاقی کە هاوڕێم بوو ؟پێمی گووت:- '' تۆ چیدەکەیت لێرە ؟'' بۆچی لەگەڵ لووکا ناچیە ماڵەوە ''منیش گووتم، ''پێویستە بیبینم ساڵی ٢٠٠٤ بوو کە سەرەتای قۆناغێکی خوێناوی باوەڕپێنەکراو بوو لە عێڕاق، پێویستە ببینم، لێرە چی دەگوزەرێت. دەبێت تۆماری بکەم. ئەویش گووتی:- بڕۆ ماڵەوە، چونکە گەر بینینی یەکەم ددانیت لە دەست بچێت ئەگەر یەکەم هەنگاویت لە دەست بچێت، هەرگیز لە خۆت نابووریت. بەڵام هەمیشە جەنگێکی تر دەبێت. و بەداخەوەش، هەمیشە جەنگ هەن. و فێڵ لە خۆم دەکەم، کە پێموایە، وەک ڕۆژنامەنوسێک، وەک پەیامنێرێک، وەک نووسەرێک، دەتوانم بیانوەستێنم بەوەی ئەنجامی دەدەم. بەڵام ناتوانم. من کۆفی ئەنان نیم. ئەو ناتوانێت جەنگ بوەستێنێت. هەوڵی دانوستانکردنی دا لە سوریا و نەشی توانی ئەنجامی بدات. کەسی چارەسەری کێشەکان نیم لە یوو ئێن. بگرە پزیشکێکی مرۆیش نیم، ناتوانم پێت بڵیم ئەو کاتانە چەند هەستم بە نائومێدی کردوە لەبەردەممدا خەڵک دەمردن و ، نەم دەتوانی ڕزگاریان بکەم. من تەنیا گەواهیدەرێکم. ڕۆڵی من بریتییە لە هێنانی دەنگێک بۆ خەڵکانێک کە بێدەنگن. هاوڕێیەکی زانکۆم وەک درەوشانەوەی ڕوناکییەک لە تاریکترین گۆشەی جیهانەوە وەسفیکرد. و ئەوە ئەو شتەیە کە هەڵی بۆ دەدەم. من هەمیشە سەرکەوتوو نابم، هەندێک جاریش بەڕاستی وەڕەسکەرە، چونکە وا هەست دەکەیت بێ بەها دەنوسیت، یان وا هەست دەکەیت کە کەس گوێی پێنادات. کێ گوێ بە سوریا دەدات؟ کێ گوێ بە بۆسنە دەدات؟ کێ گوێ بە کۆنگۆ دەدات، کۆدیڤوار، لیبیریا، سيراليون، دەدات، هەموو ئەو زنجیرە شوێنانەی کە بە درێژایی ژیانم لە یادم دەبێت؟ بەڵام کاری من ئەوەیە شاهیدی ئەوە بدەم و ئەوە ڕووکەشێکە، ناوەڕۆکی کێشەکە، بۆ ئێمەی پەیامنێران کە ئەم کارە دەکەین. هەموو ئەوەی دەتوانم بیکەم هیوا خواستنە، بە سیاسەتمەداران و یاسا ڕێکخەران نا، چونکە هەرچەندە زۆر حەزدەکەم باوەڕ بەوە بکەم کە ئەوان نووسینەکانم دەخوێننەوە و شتێک دەکەن، بەڵام خۆم هەڵناخەڵەتێنم. بەڵام ئەوەی هیوای بۆ دەخوازم ئەوەیە ئەگەر هەر شتێکت بیرهاتەوە کە گوتم یان سبەینێ دوای نانی بەیانی هەرکام لە چیرۆکەکانمت بیرهاتەوە، گەر بتوانیت چیرۆکی ساراییڤۆت بیربێتەوە، یان چیرۆکەکەی ڕواندا، ئەو کاتە من ئەرکی خۆم جێبەجێ کردووە. زۆر سوپاستان دەکەم. چەپڵەڕێزان