نەفرەتێك هەیە کە مرۆڤایەتی ئازار داوە لە کۆنەوە. یۆنانیەکان بە جوینی ڕایزنی بۆندار بەرەنگاری بوونەتەوە، لە کاتێکدا چینیەکان پەنایان بۆ توێکڵی هێلکە بردووە. لە یاسا ئایینیەکانی جولەکەی کۆندا، ئەوە تەنانەت یاسای بنچینەیی بووە بۆ جیابوونەوە. ئەو کارەساتە سامناکە بۆنی دەمە، بە شێیوەیەکی تر ناسراوە بە هەناسەی ناخۆش. بەڵام چی هۆکارە بۆ ئەوە، و بۆچی ترسێکی زۆری جیهانییە؟ باشە، بیر لە هەندێك لە ناخۆشترین بۆنەکان بکەوە کە بە خەیاڵتدا دێت، وەك خۆڵ و خاشاك، پیسایی و گۆشتی بۆگەن. هەموو ئەو بۆنانە لە چالاکی ئۆرگانیزمی بچووکەوە دێن، بە تایبەتی بەکتریا، چەندە قێزەون دەردەکەوێت، ئەوا بەکتریای هاوشێوە لە ژینگەی شێداری ناو دەمتدا دەژیت. مەترسە. هەبوونی بەکتریا لە جەستەتدا تەنها شتێکی ئاسایی نییە، لەڕاستیدا زۆر پێویستە بۆ هەموو شتێك، وەکو هەرس کردن و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی. بەڵام وەکو هەموو شتێکی زیندوو، بەکتریا پێویستی بە خواردنە. بەکتریای ناو دەمت لەسەر لینجی و پاشماوەی خواردن و و ڕیشاڵی خانە مردووەکان دەژین. بۆ ئەوەی خۆراکەکان هەڵمژێت لە رێگەی توێژاڵی خانەوە، پێویستە ماددە ئەندامییەکان شی بکاتەوە بۆ چەند گەردێکی بچووکتر. بۆ نموونە، پڕۆتینەکان شی دەکەنەوە بۆ ترشە ئەمینییە پێکهێنەرەکان و دواتر ئەوانەش زیاتر شی دەکەنەوە بۆ ئاوێتەی هەمەجۆر. هەندێك لە بۆنە پیسەکان بەرهەمی ئەو کارلێکانەن، وەکو کبریتیدی هایدرۆجین و کادافیرین، بە دزەکردن بە ناو هەوادا و ڕێگەی خۆی دەگرێت بەرەو لووتەکان بە ئاسانی. هەستیاری ئێمە بەو بۆنانە و لێکدانەوەیان وەکو بۆنێکی ناخۆش ڕەنگە میکانیزمی گەشەداری ئاگادارمان بکاتەوە لە خواردنی بۆگەن و هەبوونی نەخۆشی. بۆن کردن یەکێکە لە بەهێزترین و سەرەکیترین هەستەکانمان، رۆڵێکی گەورە دەگێرێت لە ڕاکێشانمان بۆ هاوڕێ چاوەڕوان کراوەکانمان. لە ڕاپرسیەکدا، ٥٩% پیاوان و ٧٠% ئافرەتان گوتویانە کە ناچنە ژوان لەگەڵ کەسانێك کە بۆنی دەمیان هەیە، لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت کە ئەمریکییەکان تەنها ساڵانە ١ بلیۆن دۆلار خەرج دەکەن بۆ بەرهەمە هەمەجۆرەکانی بۆنی دەم. خۆشبەختانە، زۆربەی بۆنی دەمە ناخۆشەکان بە ئاسانی چارەسەر کراوە. خراپترین بەرهەمی ناوەندی بۆنکردنەکان لە بەکتریای گرام نێگەتیڤەوە دێت کە لە بۆشایی نێوان پووکەکان و دداندا و لە دواوەی زماندا دەژیت. بە شوردن و پاککردنەوەی نێوانی ددانەکانمان، بەکارهێنانی پاککەرەوەی دەمی دژە بەکتریا لەکاتی خەودا، و پاککردنەوەی بەشی دواوەی زمان بە نەرمی بە خورێنەری پلاستیکی و تەنانەت خواردنی نانی بەیانی تەندروست، ئێمە دەتوانین زۆربەی ئەو بەکتریایانە لا ببەین لەگەڵ سەرچاوەی خواردنیان. لە هەندێك باردا، ئەو پێوانەیە ڕەنگە تەواو نەبێت بەهۆی کێشە ددانیەکان، نەخۆشیەکانی لووت، نەخۆشیە دەگمەنەکان، وەکو نەخۆشیەکانی جگەر و شەکرەی ناجێگیر. ڕەوشتەکانی وەکو جگەرە کێشان و زیادەڕەوی لە خواردنەوە بەهەمان شێیوە بۆنی ناخۆشی ناسراویان هەیە. بێ گوێدانە هۆکارەکان، بۆنی ناخۆش بە نزیکی هەمیشە دەگەڕێتەوە بۆ دەم و نەك لە گەدەوە یاخود لە شوێنێکی تری جەستە. بەڵام یەکێک لە گەورەترین ئاڵەنگارییەکان دیاریکردنی بۆنەکەیە لە شوێنی سەرەتادا، و ئەمەش ناڕوونە. لەوانەیە ئەوە بێت کە ئێمە زۆر ڕاهاتووین بە بۆنی ناوەوەی دەمی خۆمان تاکو بڕیاڕی لەسەر بدەین. و شێوازەکانی وەك دانانی دەستت لەسەر دەمت، یاخود لێسانەوە و بۆن کردنی مەچەکت هیچ یەك لەمانە کارێکی تەواو ناکات. لێکۆڵینەوەیەك نیشانداوە کە سەرەڕای ئەوەی خەڵک ئەوە دەکەن ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە بە شێوەیەکی کەسی بۆن بکەن بە گوێرەی ئەوەی بیر دەکەنەوە کە چەند خراپ دەبێت. بەڵام لێرەدا ڕێگەیەکی سادە هەیە، ئەگەر کۆمەڵایەتییانە قورس بێت، ڕێگەیەك بۆ زانینی ئەوەی بۆنی دەمت چۆنە: تەنها هەناسەیەکی قوڵ هەڵمژە. و پرسیار لە هاوڕێیەك بکە